بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، کاروان میراودەلی بە میدیاکانی راگەیاند کە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ "بەهۆی ئەوەی مەلەی نەزانیوە خنکاوە".
سێ شەممە، ٧ تەمووز ٢٠٢٦، سەبارەت بە رووداوەکە بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران وتی " نزیک کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی خانەقای سەر بە ناحیەی وەرتێ، منداڵێک بە مەبەستی مەلەکردن چووە ناو گۆمێک و بەهۆی ئەوەی مەلەی نەزانیوە، خنکاوە".
کاروان میراودەلی لەبارەی ناسنامەی منداڵەکەوە ئاشكرایکرد کە ناوی "محەمەد فەلاح سەباح و تەمەنی ١٢ ساڵە، لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکوکە و دانیشتووی هەولێر بووە و بە مەبەستی سەیران و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ دایکی و خوشکی سەردانی ناوجەکەیان کردوە.
"تەرمی منداڵەکە دەرهێندرا، گوێزرایەوە دادپزیشکی و دواتر رادەستی کەسوکاری کرایەوە"، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران وا دەڵێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٦ حاڵەتی خنکاندن لە ناوچە جیاوازەکان تۆمارکراون.