پڕۆسەی خاڵبەندی و جیاکردنەوەی
ناوی شایستەکان بۆ پڕکردنەوەی ٢٥٠ میلاک لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکردووە و بڕیارە
لە دوو مانگی داهاتوودا ئەنجامەکان ڕابگەیەنرێن.
ئارام شێخ جەمال، سەرپەرشتیاری
لیژنەی دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، پڕۆسەی وردبینی و خاڵبەندی بۆ ٩٠٠٦
کەس دەستیپێکردووە کە فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی
دەکەن لە ماوەی ٢ مانگی داهاتوودا ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە بەگوێرەی پێوەرەکان
ناویان بۆ دامەزراندن دەردەچێت.
بە پێی ڕێنماییەکانی لیژنەی
باڵا، دامەزراندنەکە دەرچووانی ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە دەگرێتەوە و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون
١ خاڵ هەژمار دەکرێت. بۆ بڕوانامەکان خاڵبەندی بەم شێوەیەیە: دکتۆرا ٤ خاڵ، ماستەر
٣ خاڵ، دیپلۆمی باڵا ٢.٥ خاڵ، بکالۆریۆس ٢ خاڵ و دیپلۆم ١ خاڵ. هەروەها بۆ ئاستی
خوێندنی ١٢ی ئامادەیی ٣ خاڵ، ٩ی بنەڕەتی ٢ خاڵ و ٦ی بنەڕەتی ١ خاڵ دیاری کراوە.
بۆ نمرەی دەرچوونی خوێندکاران،
پێوەرەکە بەم شێوەیەیە: (٥٠ بۆ ٦٠) ١ خاڵ، (٦٠ بۆ ٧٠) ٢ خاڵ، (٧٠ بۆ ٨٠) ٣ خاڵ، (٨٠
بۆ ٩٠) ٤ خاڵ و (٩٠ بۆ ١٠٠) ٥ خاڵ. هاوکات بۆ کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان ٤ خاڵ هەژمار
دەکرێت و بۆ چاوپێکەوتنیش ٤ خاڵی دیکە دانراوە.
پڕۆسەکە خاڵ بۆ
کارکردنی خۆبەخشیش دادەنێت، بە جۆرێک ٦ مانگ بۆ ١ ساڵ ١ خاڵ، ١ بۆ ٢ ساڵ ٢ خاڵ، ٢
بۆ ٣ ساڵ ٣ خاڵ، ٣ بۆ ٤ ساڵ ٤ خاڵ و ٤ بۆ ٥ ساڵ ٥ خاڵ هەژمار دەکرێت.
لە کۆی ئەو ٢٥٠ کەسەی
بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دراوە، ٢٢ کەسیان لە بواری سەربازیدا دەبن. دامەزراندن لە
ڕاژەی سەربازیشدا بە هەمان پێوەری خاڵبەندی و ڕەچاوکردنی مەرجە سەربازییەکان دەبێت
کە بەسەر داواکاراندا جێبەجێ دەکرێت.