بەپەلە: کۆمەڵی دادگەری داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات


بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا داوای هەڵوەرشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

لە راگەیاندنێکدا کۆمەڵی دادگەری  ڕەخنەی توند لە دۆخی سیاسی و یاسایی هەرێم دەگرێت و داواکارییەکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات. 

لەو داواکاریەدا هاتووە " زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگە پەرلەمان کۆنەبووەتەوە، دانیشتنەکەی بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە و لایەنەکان نەیانتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی پێکبهێنن". 

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە " زیاتر لە سێ ساڵە حکومەت بووەتە کاربەڕێکەر؛ لەبری یاسا، بە فەرمان کاردەکات و بەهۆی ڕسووماتی نایاساییەوە بارگرانی بۆ خەڵک دروستکردووە". 

لە بواری نەمانی شەرعیەتدا، راگەیاندنەکە ئاماژە بەوە دەکات، نەمانی شەرعیەتی ئەنجومەنەکان: ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتیان لێ وەرگیراوەتەوە و چاودێرییان نەماوە، ئەنجومەنە شارەوانییەکانیش ماوەی یاساییان بەسەرچووە. 

لە بواری یاسایشدا هاتووە " پەککەوتنی دەسەڵاتی دادوەری: کارەکانی دادگای پێداچوونەوە لەلایەن بەشێک لە دادوەرانەوە بەرەو پەککەوتن دەبرێت." 

کۆمەڵی دادگەری بە ئاشکرا لە راگەیاندنەکەدا داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەپێی دەسەڵاتەکانی، بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، تا لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە.




PM:05:38:08/07/2026