ڤیدیۆ..سەرلەنوێ پڵنگی زاگرۆس لە قۆپیەکانی قەرەداغ دەردەکەونەوە

دوای چەند ساڵێک ونبوونی پڵنگی جۆری زاگرۆس، جارێکی تر لە قۆپیەکانی چیای قەرەداغ دەرکەوتنەوە، جەلالی شێخ کەریم، ژینگە پارێز ڤیدیۆیەکی ئەو پڵنگەی نارد بۆ ماڵپەڕ و سۆسیال میدیای " سپی ".

جەلال شێخ کەریم ژینگە پارێز و بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (سپی) وتی" ئەم جۆرە پڵنگە کە بە پڵنگی زاگرۆس ناسراوە ماوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە قەرەداغ بینرابوون، دوێنێ شەو جارێکی تر لە قۆپیەکانی قەرەداغ دەرکەوتەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی" ئەمجۆرە پڵنگە دەگمەنن و لە سەرتاسەری جیهاندا نزیک ٢٠٠ دانە ماون و بەرەو لەناوچوون دەڕۆن، پێویستە هەمووان بیانپارێزین".

ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم ماوەیەی دوایدا ئەو سێ پڵنگی لەم جۆرەی لە قۆپیەکانی قەرەداغ بینیووە، دوانیان گەورەبوون و دانەیەکیشیان بێچوو بووە.

جەلالی شێخ کەریم ماوەی دەیان ساڵە لە قۆپیەکانی قەرەداغ سەرقاڵی پاراستنی ژینگەی قەرەداغ و گیاندارە کێوییەکانەو لە ناوچە بەرزوو دوورە دەستەکان چەندان حەوز و گۆمی بچووک بچووکی ئاوی دروستکردووە تا گیانداران لە هاویندا ئاوی لێبخۆنەوە، ئەو ڤیدیۆیەی ناردوویەتی بۆ ماڵپەڕی " سپی "ش شەوی رابردووە کە پڵنگێکی زاگرۆس هاتووە بۆئەوەی تینوێتی خۆی بشکێنێت لەسەر ئەستێڵی قۆپیەکانی قەرەداغ.

ئەم ژینگە پارێزە چەندان کامێرای چاودێری لەناوچەی قۆپیەکانی قەرەداغ داناوە، لەلایەکەوە بۆ تۆمارکردنی گیاندار و باڵندە کێوییەکان، لەلایەکی تریشەوە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە راوچی و دۆزینەوە و دەستگیرکردن و رادەستکردنیان بە پۆلیس و دادگا.  

بۆ بینینی ڤیدیۆکە ئەم لینکە بکەرەوە..

  




PM:12:07:09/07/2026