ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند
کە لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی "عەدنان جومەیلی"، بریکاری دەستگیرکراوی
وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، بڕی ١٤ ملیار دیناری دیکە دۆزرایەوە و دەستی
بەسەردا گیرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنەکە، ئەم پارەیە کە لە شوێنێکی
چاوەڕواننەکراودا و لەناو چاڵێکی ئاوەڕۆدا شاردرابووەوە، بەشێکە لەو بڕە پارەیەی کە
لە پڕۆژەیەکدا بەهەدەر دراوە و تۆمەتباران بۆ بەرژەوەندیی خۆیان گلیان دابووەوە.
بەمەش کۆی ئەو پارانەی تا ئێستا لەم دۆسیەیەدا گەڕێندراونەتەوە،
گەیشتە ١٤١ ملیار دینار و ٢٤ ملیۆن دۆلار.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن قەبارەی
گەندەڵییەکان تەنیا لەم دۆسیەیەدا دەگاتە نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینار و لێکۆڵینەوەکانیش
بۆ دۆزینەوەی تەواوی پارەکان بەردەوامن.