وەزارەتی کارەبای حکومەتی
هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاشکرایکرد کە بەهۆی فراوانکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنان
و گواستنەوەی وزەوە، زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ مێگاوات کارەبای نوێ بەرهەمهێنراوە، ئەمەش
بووەتە هۆی کوژاندنەوەی شەش هەزار مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکان و دابینکردنی کارەبای
بەردەوام بۆ زۆرینەی هاوبەشەکانی تۆڕی نیشتمانی.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا
هاتووە، لەپێناو ڕێکخستنەوەی تۆڕی کارەبا و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاوڵاتییان،
توانراوە یەک هەزار و ٩٧٤ مێگاوات کارەبای نوێ بخرێتە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە؛ کە لە
وێستگەکانی خورماڵە، هەڵمیی خەبات، گەرمیان، بازیان، دێرەلووک و سەرچاوەکانی وزەی
خۆر بەرهەمهێنراون. ئاماژەی بەوەشکردووە کە کارەبا گەیەندراوەتە ٥٧٥ هەزار هاوبەشی
نوێ و لە ٩٠٪ی هاوبەشان کارەبای بەردەوامیان پێدەدرێت.
سەبارەت بە سێکتەرەکانی
گواستنەوە و دابەشکردن، وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردووەتەوە کە ٦١ پرۆژەی گواستنەوە بە
گوژمەی زیاتر لە ٣٧٢ ملیۆن دۆلار، هەروەها سێ هەزار و ٨٨٠ پرۆژەی دابەشکردن بە
گوژمەی نزیکەی ٢٦٠ ملیار دینار لە سەرتاسەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی
کوردستان جێبەجێکراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا،
وەزارەتەکە جەختی لە نەهێشتنی سەرپێچییەکان کردووەتەوە و ئاشکرایکردووە کە ٦٢ هەزار
و ٦٨٨ سەرپێچیکار لەسەر تۆڕی کارەبا لادراون. لە ڕووی داراییشەوە، بەهۆی هەموارکردنەوەی
گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە، ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی
حکومەتی هەرێم گەڕێندراوەتەوە.