میدیای ئەمریکی: ئێران پیلانی بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ داڕشتووە

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلەوە بە ئەمریکا دراوە، ئێران پیلانێکی بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان داڕشتووە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لەم هەفتەیەدا ئیسرائیل زانیارییەکی هەواڵگریی "نوێ و دیاریکراو"ی لەبارەی پیلانێکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە. ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران.

تۆڕی "سی ئێن ئێن"لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە، ئەمریکا بەردەوام چاودێری "لێشاوێکی بێپچڕانی" زانیارییە هەواڵگرییەکانی کردووە سەبارەت بە پیلانە ئەگەرییەکان بۆ بەئامانجگرتنی ترەمپ، بەڵام هۆشدارییە نوێیەکەی ئیسرائیل زانیاریی نوێی لەبارەی پیلانێکی دیاریکراو تێدابووە.

هاوکات رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە ناویان نەهێناوە، ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل باسیان لە پیلانێکی "نوێ" بۆ بەئامانجگرتنی سەرۆکی ئەمریکا کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی لە لوتکەی ناتۆ لە تورکیا، لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئێرانییەکان "دەیانەوێت سەرکردەی ئەمریکا لەناو ببەن"، وتیشی، زانیاریی لایە کە ئاماژە بەوە دەکەن ناوی خراوەتە ناو لیستی ئامانجەکانەوە.

ئەم راپۆرتانە هاوکاتن لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی نائاسایی دەکەن کە هاوەڵی گەشتەکەی ترەمپیان کردووە لە تورکیاوە، دوای ئەوەی بە فڕۆکەیەکی کۆنی سەرۆکایەتی بەڕێکەوتووە و دواتر لە بەریتانیاوە گواستراوەتەوە بۆ فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتی بۆ تەواوکردنی گەشتەکەی بەرەو واشنتن.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڕینی فڕۆکەکان لەسەر داوای دەزگای نهێنی ئەمریکا وەک "رێوشوێنێکی ئەمنیی خۆپارێزی" بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرسیارەکان لەبارەی پەیوەندیی ئەم هەنگاوە بە هەڕەشە ئەگەرییەکانی سەر سەرۆکی ئەمریکا زیاد بوون.




AM:10:42:10/07/2026