بینای دادگای کۆنی سلێمانی کە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لە ئێستادا حەوت فەرمانگەی حکومی تێدایە، ئاگادار دەکرێنەوە کە لە ماوەی دوو مانگدا چۆڵی بکەن و شوێن بۆخۆیان بدۆزنەوە، بەدەر لە یاسای وەبەرهەمهێنان زەویەکەش دراوە بە کۆمپانیاکانی یەکێتی.
دادگای کۆنی سلێمانی کە دەکەوێتە سەر شەقامی مزگەوتی کاکە ئەحمەدی شێخ، لە ئێستادا فەرمانگاکانی (١- دادنووسی سلێمانی ٢- بەڕێوەبەرێتی جێبەجێ کردن (تنفیز) ٣- بەڕێوەبەرایەتی ناکامەکان (قاصرین) ٤- سەرپەرشتیاری دادیی ٥- بنکەی پۆلیسی ونبووەکان ٦- بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان (ناوبازار)٦- بەڕێوەبەرایەتی ئامار ٧- بانکی ئەزمەڕ) و کارەکانی هاوڵاتیانی تێدا رادەپەڕێنرێت، لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی خۆجێی سلێمانییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە لەماوەی دوو مانگدا دەبێت چۆڵی بکەن. بەپێی زانیارییەکانی " سپی " لەلایەن کۆمپانیایەکی یەکێتیەوە دەکرێت بە پرۆژەی بازرگانی.
ماڵپەڕی " سپی " لە دوو رۆژی رابردوودا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی شارەوانی سلێمانی، ئەنجومەن حسێن ەوە، بەو پێیەی خاوەندارێتی موڵکی ئەو بینایە دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانی سلێمانی، وتەبێژی شارەوانی بێ ئاگای خۆی لەو بابەتە راگەیاند.
دواتر ( ماڵپەڕی سپی ) لە دوو رۆژدا دووجار پەیوەندیکرد بە جێگری پارێزگاری سلێمانییەوە، شاهۆ عوسمان، ناوبراو رایگەیاند" ئەو بابەتە لەلای ئەوان نییە و لە شارەوانی سلێمانییە".
دادگای کۆنی سلێمانی زەویەکەی پێشتر یاریگای تۆپی پێ بووە، لە حەفتاکاندا ماوەیەک کراوە بە گەراجی بەغداد، دواتر کراوە بە بینای دادگای سلێمانی تا ساڵی ٢٠١٦ بینایەکی نوێ بۆ دادگای سلێمانی لەسەر شەقامی سلێمانی- راپەرین لە نزیک دووریانی سەرچنار دروستکرا، بینا کۆنەکەش ئەو ٧ فەرمانگەیەی حکومەتی تێدا مانەوە.
بەپێی یاسای وەبەرهەمهێنانی هەرێم ژمارەی ٤ ساڵی ٢٠٠٦بۆ هەر پرۆژەیەک، دەبێت دەستەی وەبەرهێنان رایبەگەیەنێت و، وەبەرهێنەکان( کۆمپانیاکان) دەبێت پڕۆژە پێشکەش بکەن و، دواتر دەستە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات و بڕیار لەسەر وەبەرهێنێک بدات، هاوکات هیچ زەویەک نادرێت بە وەبەرهێن بەخۆرایی، بەڵکو دەبێت بە نرخێکی ( تشجیعی ) بدرێت بە وەبەرهێنەکە. هەروەها دەبێت تێکڕای پرۆسەکەش بە شەفافیەت بڕوات بەڕێوە. ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە بینای دادگای کۆنی سلێمانی ژێر بەژێر دراوە بە کۆمپانیایەکی یەکێتی.