ئەڵمانیا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان دا

وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بڕیاری دا سەرجەم هێزە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە و تەنها ژمارەیەک لە هێز و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە ناو کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر بهێڵێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ هەینی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە فەرمی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی وڵاتەکەی لەم بڕیاری کشانەوەیە ئاگادار کردووەتەوە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم هەنگاوەش بۆ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر لە ڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە هەولێر پارێزگارییان لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکرد، بەڵام لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا، بنکەی هاوپەیمانان بێ سیستمی بەرگری دەمێنێتەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی سەربازانی ئەڵمانیا دروست دەکات.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەپێی بڕیاری پێشووی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، دەبوو ئەو هێزانە تاوەکو ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.  پێشتر نزیکەی ٥٠٠ سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی ناتۆدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر ببوون.



PM:05:27:10/07/2026