ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی "دەرە ئەسحابە" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئۆتۆمبێلی خێزانێکیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەر دەستڕێژی گولە داوە، لە ئەنجامدا سام حەسەنی تەمەن ١٥ ساڵ گیانی لەدەست دا و باوکیشی بە سەختی بریندارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە هێزەکانی ئێران لە گوندی «دەرەکێ» سەر بە شاری سەوڵاوا، ئۆتۆمبێلی بنەماڵەیەک لە خەڵکی ئەم گوندەیان بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت دایە بەر دەستڕێژی گولە.
بەپێی زانیاری رێکخراوەکە، سام حەسەنی گوولە بەر سەری دەکەوێت و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و، باوکیشی گوولە بەر رانی کەوتووە بە سەختی بریندار بووە.
ئەم بنەماڵەیە دوای تەواوبوونی کارەکەیان لە باخی گێلاسەکەیان، لە کاتی گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە، لە ناکاو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
تەرمی سام حەسەنی بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی بووعەلی مەریوان گواستراوەتەوە، باوکیشی هەر لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێر چاوەدێری دایە.
بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لە ئێران، هێزەچەکدارەکان تەنیا لە بارودۆخی زۆر نائاسایی و دوای ڕەچاوکردنی ڕێسای ورد وەک تەقەی هەوایی ئیزنی تەقەکردنیان هەیە، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ئەم یاسایانە بە شێوەی کردەیی پشتگوێ دەخرێن.