لە کاتێکدا لەسەر ئاستی
ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هۆشداریی بەردەوام دەدرێت لەسەر لێکهەڵوەشانی قەوارەی فیدراڵیی
هەرێمی کوردستان؛ نوسەر و روناکبیرێکی
کورد پەردە لەسەر پرۆسەیەکی مەترسیدار لادەدات کە لە سێبەری ئەم دۆخەدا بەڕێوە دەچێت،
ئەویش پڕۆژەی "بەعەرەبکردنی بێدەنگ"ی باشووری کوردستانە.
دکتۆر بورهان یاسین،
توێژەر سیاسی و نوسەری کورد لە وتارەکەیدا بە ناوی "کارەساتی نیشتمان" ئامارە
مەترسیدارەکان بڵاودەکاتەوە و دەنوسێت: چارەکە ملیۆنێک هاوڵاتیی عەرەب لە هەرێمدا
نیشتەجێن.
لە وتارە شیکارییەکەدا
هاتووە:
بەپێی زانیاری و ئامارە
پشتڕاستکراوەکان، تا ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی دانیشتوانی عەرەب لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە
یەک ملیۆن و ٣٢ هەزار کەس، ئەمەش نزیکەی ٢٦٪ی کۆی گشتیی دانیشتوانی هەرێمەکە پێکدەهێنێت.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە
دەکەن کە پڕۆسەی جێگیربوونی ئەم لێشاوە بە ئاگاداری و کارئاسانیی دەسەڵاتداران بەڕێوە
دەچێت، بەجۆرێک کە تا ئەو بەروارە ١٧٩ خوێندنگەی عەرەبی کراونەتەوە و ٣٢ هەزار
منداڵی عەرەب لە هەرێم لەدایکبوون و ناسنامەی کوردستانیان بۆ بڕاوەتەوە. لە هەمان
کاتدا، زانیارییەکان دەری دەخەن کە ٩٥٪ی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە کوردستان لەلایەن
بەرپرسانی حزبی و حکومییەوە پشتگیری دەکرێن یان خۆیان سوودمەندی یەکەمن لێی، ئەمەش
هۆکاری سەرەکیی ڕاکێشانی ئەم کۆچە گەورەیەیە.
سیستمی فیدراڵی و
لاوازیی یاسایی
شیکەرەوەی وتارەکە ڕەخنە
لە پێکهاتەی سیستمی فیدراڵیی عێراق دەگرێت و پێی وایە نەبوونی میکانیزمێکی یاسایی
و دەستووری بۆ ڕێگریکردن لەم لێشاوە، لاوازییەکی کوشندەی ئەم سیستمە دەردەخات.
هاوکات تیشک دەخرێتە سەر دروشمی مێژوویی "برایەتیی کورد و عەرەب" و پێیان
وایە ئەم دروشمە لە ئێستادا بووەتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی "داگیرکەر ببێتە خاوەنماڵ"
و پڕۆسەی تێکدانی دیمۆگرافیای کوردستان بە نەرمی جێبەجێ بکرێت.
"بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد، خاک و زمان دوو دواین خەندەقی مانەوەن.
لەدەستدانی هەر مەترێک چوارگۆشە لە خاک، گەڕاندنەوەی لە داهاتوودا ئەستەم دەبێت و
پایەکانی نەتەوەبوون دەڕوخێنێت."
لە شاخەوە بۆ شار؛ گۆڕانی
خەباتکاران بۆ هاوبەشی پڕۆژەکە
لە کۆتایی وتارەکەدا،
پرسیارێکی جدی لە چوارچێوەی مێژوو و سیاسەتدا ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم
دەکرێت؛ چۆن ئەو "خەباتکارانە"ی دوێنێی شاخ کە ئامادەبوون لەپێناو
پاراستنی خاکی کوردستاندا گیانی خۆیان ببەخشن، ئەمڕۆ لە ئاست شێوازێکی نوێی بەعەرەبکردندا
بێدەنگ و بێباکن؟
وتارەکە بە توندی
تاوانباریان دەکات و دەڵێت بەشێک لەم دەسەڵاتدارانە بەهۆی بەرژەوەندیی داراییەوە ڕاستەوخۆ
یان ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەم دۆخەدا، کە دەگاتە ئاستی "خیانەتی نیشتمانی".
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە تیرۆرکردن، زیندانیکردن و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان
لە ناوخۆی هەرێمدا، گومانێکی گەورە دەخاتە سەر ڕابردووی ئەم هێزانە و جدیبوونیان لەسەر
پرسی نەتەوەیی.