ئێران: تا ئەمریکا لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە نەکات، هیچ دانوستانێک ناکەین

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی سەر بە سوپای پاسداران، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند کە تاران هیچ داواکارییەکی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەش نەکردووە. ئەمەش لەکاتێدایە ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ عومان و دۆخی تەنگەی هورمز سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

ئەم سەرچاوەیە بە ئاژانسی فارسى ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ناچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە تا ئەو کاتەی واشینتۆن لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە نەکات.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پێوەر و نیشانەی ئەم پاشەکشەیەی ئەمریکا بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەسەریان ڕێککەوتن کراوە؛ لەوانەش: پێکهێنانی گرووپێکی کاری تایبەت بە لوبنان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و پاشەکشەکردن، چارەسەرکردنی پرسی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز لەسەر بنەمای ئەو ڕێوشوێنانەی کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت، و هەروەها گەڕانەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن و ڕەوتی نەوت بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

هەواڵی ئاژانسەکەی سەر بە سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەتی وڵاتەکەی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ عومان و دۆخی تەنگەی هورمز سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

لەم سەردانەدا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەتایبەتی تاوتوێی دۆخی تەنگەی هورمز دەکرێت.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بە مەبەستی دیاریکردنی میکانیزمی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لەگەڵ عومان گفتوگۆ دەکەن، بەڵام ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە، نابێت هیچ پارەیەک لە بەرامبەر تێپەڕبوونی کەشتی بەو رێڕۆوە ئاوییەدا وەربگیرێت، چ لەلایەن ئێران و چ لەلایەن عومانەوە.

ئەم سەردانەی عێراقچی لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران ئاستەنگی بۆ دروستبووە. ئێران رۆژی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەک و لە وەڵامی ئەوەشدا ئەمریکا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە هێرشی کردە سەر ئێران.

بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەو ماوەیەدا ١٧٠ ئامانجیان لەنێو خاکی ئێران پێکاوە. لە وەڵامیشدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن و ئوردن.

هەر ئەمڕۆ موجته‌با خامنه‌یی رابه‌ری به‌ڵای كۆماری ئیسلامی له‌ نوێترین په‌یامی نوسراو بە ناوی ئەوەوە، به‌بۆنه‌ی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی باوكییه‌وه‌ رایگه‌یاند" تۆڵه‌ی له‌ بكوژرانی باوكی و شه‌هیدانی تری ئێران ده‌كه‌ینه‌وه".‌




PM:04:36:11/07/2026