بە پێی لیدوانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە
سنووری قەزای سیدەکان شوانێک بە تەقەی سوپای پاسدارانی ئێران گیانی لەدەستدا و ئێستاش
تەرمەکەی و مەڕو ماڵاتەکەی لای هێزە ئێرانییەکانە و نایدەنەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند:
"شوانێکی سنووری قەزای سیدەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژراوە؛ ئەو گەنجە
ناوی (رێباز سلێمان هەرکی)یە و لەو سنوورە خەریکی شوانی و بەخێوکردنی مەڕو ماڵات
بووە."
سەبارەت بە رووداوەکە،
هەڵگورد شێخ نەجیب وتی: "مەڕو ماڵاتەکەی چووبوونە نێو سنووری ئێران و دەیویست
بیانهێنێتەوە، بەڵام سوپای پاسداران تەقەیان لێکردووە و گیانی لەدەستداوە."
وتیشی، ئێستا تەرمی ئەو شوانە لای هێزە ئێرانییەکانە و رادەستیان
نەکردووەتەوە، هەروەها دەستیشیان بەسەر هەموو مەڕو ماڵاتەکەیدا گرتووە.