بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: حکومەت لەبری هاوکاری بەربەستمان بۆ دروست دەکات

د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق پرۆسەیەکی ئاڵۆزی چاندنی مۆخیان لە سلێمانی بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە، هاوکات ڕەخنەی توندی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت بەهۆی جیاکاری و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم نەخۆشخانەکەیاندا.

د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی تەموزی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە لە سلێمانی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی چاندنی مۆخ بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پرۆسەیە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی تەواوی عێراق ئەنجام بدرێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاشکرای کرد کە تیمە پزیشکییەکانیان تا ئێستا توانیویانە زیاتر لە ٥٠٠ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخ بە سەرکەوتوویی بۆ نەخۆشەکان ئەنجام بدەن، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگی کەرتی تەندروستی ناوچەکەیە.

د. یاد نەقشبەندی ڕوونکردنەوەی دا کە نەخۆشخانەی هیوا تەنیا بە داهاتی ناوخۆیی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەبرێت و کارەکانی ڕاپەڕێندرێت، چونکە پاڵپشتییەکی دارایی پێویستی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە بۆ دابین ناکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. یاد نەقشبەندی هێرشی کردە سەر شێوازی کارکردنی حکومەت و ڕایگەیاند، ماوەی ٦ ساڵە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاکارییەکی ڕوون لەنێوان سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەدا دەکات.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بەداخبوونی خۆی دەربڕی لەوەی کە دامەزراوە حکومییەکان کێشەیان بۆ دروست دەکەن و ڕایگەیاند، لەبری ئەوەی حکومەت هاوکار و پاڵپشتیان بێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە تەندروستییەکانیاندا، بەداخەوە بەربەست و ڕێگریی جۆراوجۆریان لەبەردەمدا دروست دەکات.






AM:11:36:12/07/2026