سامانە سروشتیەکان: بەغداد پشکی نەوت زیاد بکات بەنزین هەرزان دەبێت

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاشکرایدەکات ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی بەنزین دەدیاتە هەرێمی کوردستان بەشی پێداویستی ناوخۆ ناکات و داوایان کردووە بۆ ٦٥ هەزار بەرمیل زیاد بکرێت.

زیاتر لە مانگێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە هەزار دینار، بەرپرسێک دەڵێت، رۆژانە ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار لیتر بەنزینی ٧٥٠ دیناری دابەشی هەموو شارەکان دەکرێت، بەڵام بۆ نرخێکی جێگیر سێ ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە پێویستە.

بەگوێرەی رێکەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان رۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لایەنی پەیوەندیدار ئەو رێژەیە بەکەم دەزانێت.

هاوکات بەرپرسێکی ئاگادار لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وتووە، "عێراق رۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەداتەوە هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و پێداویستی ناوخۆ پڕناکاتەوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەگەر حکومەتی عێراق پشکی بەنزینی هەرێمی کوردستان لە ٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بکاتە ٦٥ هەزار بەرمیل، بەنزین هەرزان دەبێت.




PM:12:42:12/07/2026