مافی مرۆڤ: پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە کوشتنی شوانە کوردەکە بکرێت

‌ڕێباز سلێمان ساڵح

دەستەی مافی مرۆڤ سەبارەت بە کوشتنی شوانێکی خەڵکی باشوری کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە راگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بە توندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەم کردەوە تاوانکارییە دەکەین".

یەک شەممە، ١٢ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بەداخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی شەهیدکردنی شوانێکی بێتاوانی کوردمان پێگەیشت لە ناوچە سنوورییەکانی کوێستانەکانی کێلەشین، کە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و دوای شەهیدکردنی، تەرمەکەی و تەنانەت مەڕوماڵاتەکەشی بۆ ناو خاکی ئێران ڕاگوێزراون".

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وتوشیەتی کە  "بە توندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەم کردەوە تاوانکارییە دەکەین، ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی خاک و بەزاندنی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتە، هاوکات دژایەتییەکی تەواوی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤە کە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان لە پێشینەی کارەکانیان دادەنێن".

دەستەی مافی مرۆڤ چەند داواکارییەک سەبارەت بە رووداوەکە دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەکات کە "ێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆمان بەرامبەر بەم جۆرە ڕووداوە دووبارەبووانە، داواکاری سەرەکیمان ئەمانەی خوارەوەن:

١-پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد وشەفاف و نێودەوڵەتی لەم تاوانە بکرێت.
٢- ێویستە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند بکرێنەوە.
٣-کەس و کاری قوربانییەکە قەرەبوو بکرێنەوە.

دەستەکە دڵنیایی دەدات کە  "وەک ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی، لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکانی ئەم دۆسیەیە دەکەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ دەبین بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە قبووڵنەکراوانە". 

ڕێباز سلێمان ساڵح، تەمەن ٢٦ ساڵ و برایەکی بەناوی بێوار سلێمان ساڵح لە کوێستانی کانی سپی لە خنێرە، لە سنوری شارۆچکەی سیدەکان بۆ گەڕاندنەوەی مەڕوماڵاتەکانیان ڕوو دەکەنە سەر سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی گەیشتنیاندا، سەربازانی سوپای پاسداران تەقەیان لێدەکەن و ڕێباز دەبێتە قوربانی.


PM:06:05:12/07/2026