سەفین دزەیی: داوامان کردووە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت

 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' بە فەرمی داوایان لە وڵاتانی بیانی و حکومەتی عێراق کردووە کە لە پێناو پاراستنی ئەمن و ئاسایشدا، سیستمی بەرگریی ئامانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.''

سەفین دزەیی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت" ئێمە وەک حکومەتی هەرێم بە سەرجەم ئەو شاندە بیانییانەی سەردانی هەرێم دەکەن، یان لە کاتی سەردانی شاندەکانی ئێمە بۆ دەرەوەی وڵات، لە هەموو ئاستەکاندا جەخت دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان لەناو عێراقدا بووەتە ئامانجی یەکەم؛ بۆیە پێویستە ئاسمانی وڵات پارێزراو بێت."

وتیشی'' هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بۆیە ئەرکی بەغدایە ڕۆڵی خۆی لە پاراستنی ئاسمانی عێراق و هەرێم ببێنێت و پێویستە سیستمی بەرگری بۆ هەردوولا دابین بکرێت."

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاشکرایشی کرد کە لە سەردانی ئەم دواییەی شاندی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان، بە جدی باسی ئەم پرسە کراوە و بڕیاریشە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ ئەمریکا، ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن تاوتوێ بکات.

هیوای خواست لە کاتی دابینکردنی هەر سیستمێکی بەرگری بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان بێبەش نەکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەست بە ئارامی بکەن.





PM:11:40:12/07/2026