جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند'' کورد دۆستی ڕاستەقینەی ئەمریکا و دوژمنی سەرەکیی ڕژێمی ئێرانن.''
جەختی کردەوە کە ڕاگرتنی پرۆسەی پڕچەککردنی کورد لەسەر داوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بوو.
بۆڵتۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیوزنەیشن" ئاشکرای کرد، پێشتر هەوڵێک لە ئارادا بوو بۆ ئەوەی کورد باشتر پڕچەک بکرێت و چەک بەسەر لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆندا لە ناوخۆی ئێراندا دابەش بکرێت. بەڵام ئەردۆغان کە بۆڵتۆن بە دۆستی ئەمریکای نازانێت پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردووە و بەهۆی کێشە و دوژمنایەتییەکانی خۆی لەگەڵ کورد لە ناوخۆی تورکیادا، داوای کردووە کە کورد پڕچەک نەکرێت، ترەمپیش پرۆسەکەی ڕاگرتووە کە بە وتەی بۆڵتۆن بڕیارێکی تەواو هەڵە بووە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی ئێران کرد و وتی'' گروپە نەتەوەییەکان (لەوانەش کورد) لە ڕژێمی تاران توڕەن و ژنانیش بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی و لێکەوتەکانییەوە دژی دەسەڵات وەستاونەتەوە.''
بۆڵتۆن جەختی کردەوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەتۆمی و بڕینی پشتیوانییەکانی تاران لە تیرۆری جیهانی (وەک حەماس، حزبوڵا، حوسییەکان و میلیشیا شیعەکانی عێراق)، هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران، بۆ ئەمەش پێویستە واشنتن بچێتە پێشەوە و یارمەتیی دارایی، چەک و ئامرازی پەیوەندی پێشکەشی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بکات.