دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا، تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی،
بڕیاری بەپەلەی دەستبەسەرداگرتنی بۆ زنجیرەیەک موڵک و ماڵی گرانبەها دەرکرد کە پەیوەندییان
بە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە
هەیە، کە کۆی گشتی بەهاکەیان دەگاتە نزیکەی ٦٩ ملیار دیناری عێراقی.
ئەم
ڕێکارە یاساییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دادگا دێت بۆ شوێنپێهەڵگرتنی سەروەت و
سامانە گوماناوییەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و پاراستنی
ماڵی گشتی، لە کاتێکدا ڕاوەدوونانی تۆمەتبارە هەڵاتووەکانی ناو کەیسەکە تا یەکلاکردنەوەی
کۆتایی دۆسیەکە بەردەوام دەبێت.
ئەو سامانە زەبەلاحەی کە لەلایەن دادگاوە دەستی بەسەردا گیراوە،
پێکهاتووە لە ٩ موڵکی بازرگانی لە شاری مووسڵ کە بەهاکەیان لە بازاڕدا بە ٤٥ ملیار
دینار دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ ٣ کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی ئارد بە بەهای ٢٤ ملیار دینار،
جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ٧ بارهەڵگری نوێ کە بەهای هەر یەکێکیان دەگاتە ٢٠٠ هەزار
دۆلاری ئەمریکی.
دادگای
نەینەوا ئاشکرای کردووە کە تۆمەتبارە هەڵاتووەکانی ناو ئەم دۆسیەیە، بۆ چەواشەکاری
و شاردنەوەی سەرچاوە نایاساییەکەی، سەرجەم ئەم موڵک، بارهەڵگر و کارگانەیان بە ناوی
کرێکارەکانی خۆیانەوە تۆمار کردووە تاوەکو لە چاوی یاسا و لایەنە چاودێرییەکان لای
بدەن.
لەبەر ئەوەی ئەم خانووبەرە، بارهەڵگر و کارگانە پڕۆژەی بەرهەمهێنەری
زیندوون و داهاتی بەردەوامیان هەیە، دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بڕیاریدا بە دامەزراندنی
پاسەوانی دادوەری بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی پڕۆژەکان، تاوەکو بەردەوامی بە کارەکانیان
بدرێت و چەرخی بەرهەمهێنانیان نەوەستێت، هاوکات لەم ڕێگەیەوە سەرجەم داهاتە داراییە
بەردەوامەکانیشیان بۆ خەزێنەی دەوڵەت مسۆگەر بکرێت.