لەسەرچەوسانەوەی کچانی ئێزدی؛ ژن و مێردێک بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران

‌تاوانبار (توانا هـ.) لە دادگا کە روخساری داپۆشیوە

دادگای باڵای هەرێمی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، توندترین سزای یاسایی بەسەر هاوژینێکی عێراقی سەر بە ڕێکخراوی داعشدا سەپاند، ئەویش دوای سەلماندنی تۆمەتی بەکۆیلەکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر دوو منداڵی کچی کوردی ئێزدی.

دادگا بڕیاری زیندانی تاهەتایی بۆ هەریەکە لە (توانا. هـ، ٤٣ ساڵ) ناسراو بە "ئەبو عەبدوڵڵا" و هاوژینەکەی (ئاسیا. ر، ٢٩ ساڵ) دەرکرد. ئەم بڕیارە دوای دادگاییکردنێکی چڕوپڕ هات کە ساڵێک و نیوی خایاند، تێیدا دادوەر دڵنیابووەوە لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەم خێزانە لە تاوانەکانی "جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ".

حەشارگەیەک لە تاوان و ئەشکەنجە

بەپێی بەڵگەنامەکانی داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا، مێژووی تاوانەکانی ئەم هاوژینە بۆ نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوکاتی داعش لە عێراق و سووریا دەگەڕێتەوە. ئەوان سەرەتا کچێکی تەمەن ٥ ساڵان و دواتر کچێکی تەمەن ١٢ ساڵانی ئێزدییان وەک کەنیزەک لە ماڵەکەیاندا ڕاگرتووە، و وێڕای ناچارکردنیان بە کارکردنی توند، ئایدۆلۆژیای داعشیان بە زۆر پێ ووتوونەتەوە.

لە دانیشتنەکانی دادگادا پەردە لەسەر چەندین ڕەفتاری دڕندانە لادرا؛ دەرکەوت کە (توانا) چەندین جار دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر هەردوو کچە منداڵەکە، لە کاتێکدا (ئاسیا)ی هاوژینی نەک هەر ڕێگر نەبووە، بەڵکو ژووری بۆ ئامادە کردوون و پێش دەستدرێژییەکانیش ماکیاژی بۆ کچەکان کردووە. جگە لەوە، منداڵەکان ڕووبەڕووی سزای جەستەیی دڵڕەقانە بوونەتەوە، وەک لێدان بە گسک، ڕاگرتنی بەردەوام لەسەر یەک قاچ، و ڕشتنی ئاوی کوڵاو بەسەر دەستی کچە بچووکەکەدا لەلایەن ژنەکەوە.

هەڵاتن و دەستگیرکردن

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ و لەگەڵ داڕمانی دەسەڵاتی داعش، ئەم هاوژینە لە سوریاوە هەڵاتوون، بەڵام پێش ڕۆیشتنیان کچە دیلەکانیان ئازاد نەکردووە، بەڵکو ڕادەستی چەکدارانی دیکەی داعشیان کردوونەتەوە بۆ ئەوەی چارەنووسیان نادیار بمێنێتەوە.

دوای چەند ساڵێک لە خۆحەشاردان، هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا لە نیسانی ٢٠٢٤دا توانیان شوێنیان ئاشکرا بکەن؛ ژنەکە لە شاری "ڕێگنسبێرگ" و پیاوەکە لە ناوچەی "رۆس" دەستگیرکران. هەرچەندە تیمی بەرگریی ژنەکە لە دادگا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو کات کچێکی نەفام بووە و بە زۆر بە شوو دراوە، بەڵام دادگا بەهۆی قورسیی بەڵگەکانەوە سەرجەم ئەو قسانەی ڕەتکردەوە و دۆسیەکەی بە سزای تاهەتایی بۆ هەردوولا داخست.




PM:12:36:13/07/2026