دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند'' لە هەڵمەتێکی مەیدانیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکەیان لە کەرکووک، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بە فەرمانی دادوەر، توانیویانە شەش فەرمانبەری بازگەی گومرگی نێوان کەرکووک-هەولێر دەستگیربکەن.''
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕوونیکردەوە، دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بەوەی بە ئەنقەست مامەڵەی هاووڵاتییانیان پەکخستووە و ڕاییان نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی سەرجەم مامەڵەکانیان تەواو یاسایی و بێ کێشە بوون، بەڵام فەرمانبەرەکان لەبەرامبەر تەواوکردنی کارەکانیاندا داوای سەرانە و پارەیان لێکردوون.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە کە تۆمەتبارەکان بەپێی بڕیاری ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣، ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون، تاوەکو ڕێکاری یاسایی توند و پێویستیان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.