پەرلەمانتارێکی ئێران: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تاران بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت

ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی فەرمیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا"ڕایگەیاند کە پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو قۆناغی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت.

هەروەها دەڵێت: پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئێران بۆمبی ئەتۆم دروست بکات."

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ڕابردوودا بە پێی پێویست باجی سیاسی و ئابووریی ئەم دۆسیەیەی داوە و پێکدادانە پێویستەکانیشی ئەنجامداوە، بۆیە لەم قۆناغەدا دروستکردنی بۆمبەکە وەک چەکێکی هێز پێویستییەکی حەتمییە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ میدیای فەرمیی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند، کە لە هێرشێکی نوێی هێزەکانی ئەمریکادا، بە شێوەیەکی هاوکات چوار شوێنی جیاواز لە سنووری پارێزگای بوشەهر (کە بە یەکێک لە ناوچە هەرە ستراتیژییەکانی ئێران و شوێنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر دادەنرێت) کراونەتە ئامانج.




PM:03:08:14/07/2026