لە قەزای تەقتەق ژمارەیەک لە جوتیاران بۆ دروستکردنی حەوزی ماسی، باخەکانی
دارهەنجیری قەزاکە لە ناودەبەن و قایمقامی قەزاکەش هۆشداری دەداتە جوتیاران کە
روبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی سپی، ماوەیەکە ژمارەیەک لەجوتیارانی قەزای تەقتەق
روویان لە دروستکردنی حەوزی ماسی کردوە و بۆ ئەم مەبەستەش لەچەندین حاڵەتدا
ژمارەیەکی زۆر لە دار هەنجیریان بڕیوەتەوە تا لە جێگەیان حەوزی ماسی دروست بکەن.
سەبارەت بەم دیاردەیە حاکم ئاسۆ مستەفا قایمقامیەتی قەزای تەقتەق لە
لێدوانێکی تایبەتدا بە سپی راگەیاند "دیارە ئەو هەواڵەمان بیستووە، ئێمە وەک
قایمقامیەتی قەزای تەقتەق، لە سنووری قەزاکە بە گوندەکانی دەوروبەریەوە، هاوڵاتیان
ئاگادار دەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک بەبێ ئاگاداری ڕێکاری ئیداری و یاساییەکان کاری
وا نەکەن".
وتیشی "ئێمە خۆمان پۆلیسی دارستان و پۆلیسی ناوخۆ، دەزگا ئەمنییەکانمان ڕاسپاردووە
بۆی چاودێری ئەو حاڵەتە بکەن. بە ڕاستی ڕێگەپێدراو نییە، راستە کە موڵکیەتی دارەکان
بۆ خاوەن باخ دەگەڕێتەوە، بەڵام دەبێ بەپێی ڕێکاری یاسا و ئیداری بێ، بزانین ئەو
باخە ئایا بەرهەمی خراپ بووە یاخود هەر هۆکارێکی دیکە".
حاکم ئاسۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان فەرمانگەی کشتوکاڵیان ڕاسپاردووە
جوتیارەکان ئاگادار بکەنەوە کە کاری وا نەکەن و وتی "ئێمە بە دڵنیاییەوە زیاتر
چاودێرییان دەکەین. هەر کارێک کرا لە گۆڕینی باخ بۆ حەوزی ماسی، دەبێت لەژێر ڕێنماییەکانی
فەرمانگەی کشتوکاڵی تەقتەق و بە ئاگاداری ئەو فەرمانگەیە بێت، بە پێچەوانەوە برا
جوتیارەکانمان تووشی ڕێکاری یاسایی و ئیداری دەبن".
قەزای تەقتەق بە دارهەنجیرەکانی بەناوبانگە و ساڵانە فیسیڤاڵی هەنجیر لەو
قەزایە بەڕیوەدەچێت و بەرهەمی هەنجیری جوتیاران و باخداران لەوێ دەخێرنەڕوو و بە
بازاڕ دەکرێن، بەڵام ماوەیەکە بەهۆی گەرمبوونی بازاڕی ماسی ژمارەیەک لە باخداران
روویان لە دروستکردنی حەوزی ماسی کردوە.
قایمقامیەتی قەزای تەقتەق لە کۆتاییدا سوپاسی سپی کرد بۆ خستەڕووی ئەو
بابەتەو وتی: ئەو بابەتە، بە ڕاستی بابەتێکی گرنگە لە شاری تەقتەق. تەقتەق هەتا ئێستاش
یەکەم شارە لە بەرهەمهێنانی هەنجیر لە زۆریی بەرهەم و، یەکەم شارە لە بەرهەمهێنانی
ماسیدا."