کۆمەڵێک لە دایک و باوکانی کورد، یاداشتێکی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف
و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە مەبەستی جەختکردنەوە لەسەر
گرنگیی پاراستنی هاوسەنگیی ئایینی، کۆمەڵایەتی و کلتووری و پاراستنی نەوەی نوێ لە
هەر وتار و ڕەفتارێک کە ببێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگە.
لە یاداشتەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئامانجی ئەوان لێپرسینەوە نییە لە
ئازادیی باوەڕ، بەڵکو مەبەستیان پاراستنی پێکەوەژیان و فرەیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن
لە دابونەریتی کوردەوارییە. لەم چوارچێوەیەدا، حەوت داواکاریی سەرەکییان ئاراستەی
وەزارەتەکە کردووە:
هاوسەنگیی وتاری ئایینی: پێویستە وتارەکان هانی یەکگرتوویی بدەن و لە زمانی
دابەشبوون و تاوانبارکردنی هاووڵاتیان دوور بکەونەوە، هاوکات گرنگی بە پرسەکانی ئەخلاق،
پەروەردە، خێزان، زانست و گەشەپێدان بدرێت.
پاراستنی منداڵان و گەنجان: داوا کراوە ناوەڕۆکی وتار و بڵاوکراوەکان لەگەڵ تەمەن
و پێداویستییە دەروونی و پەروەردەیییەکانی منداڵان و گەنجاندا بگونجێنرێت.
پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و کلتووری: جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە زمان، کلتوور،
پۆشاک و دابونەریتی کوردەواری کراوەتەوە لە سەرجەم چالاکییەکاندا، و پێویستە بابەتەکانی
خێزان و ژنان لە چوارچێوەی یاسا و مافەکانی مرۆڤدا تاوتوێ بکرێن.
شەفافییەت و لێپرسینەوە: داوا لە وەزارەتی ئەوقاف کراوە بە شەفافییەتەوە مامەڵە
لەگەڵ سکاڵا و پێشێلکارییە یاسایی و ڕەوشتییەکاندا بکات و میکانیزمێکی ڕوون بۆ بەرپرسیارێتی
دابنێت.
ڕێزگرتن لە فرەیی ئایینی: لە یاداشتەکەدا هاتووە کە پێویستە ڕێز لە سەرجەم پێکهاتە
و ئایینەکانی کوردستان و عێراق (وەک: ئیسلام، زەردەشتی، یەزیدی، یارسانی و باوەڕەکانی
دیکە) بگیرێت، چونکە ئەم فرەیییە بناغەی ئاشتیی کۆمەڵگەیە.
لە کۆتایی یاداشتەکەدا، کە لە ڕێککەوتی ١٤/٧/٢٠٢٦ ئاراستە کراوە، ئەو دایک و
باوکانە هیوایان خواستووە وەزارەتی ئەوقاف هەنگاوی یاسایی و ڕێکخراوەیی پێویست بنێت
بۆ بەهێزکردنی وتاری میانڕەو و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە.