هەڵەبجە... دوای ١٥ کاتژمێر تواندرا ئاگرێک کۆنترۆڵ بکرێت کە لەلایەن ئێرانەوە بوەوە

‌وێنەی تیمەکانی بەرگری شارستانی لەسەر یەکێک لەو شاخانەی ئاگری لێکەوتبوەوە

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، عەمید ئەنوەر عومەر لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان زانیاری سەبارەت بە زیانەکانی ئەو ئاگرە ئاشکراکرد کە دوای ١٥ کاتژمێر تواندرا کۆنترۆڵ بکرێت.

سێ شەممە، ١٤ تەمووز ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە رایگەیاند "کاتژمێر ٢:٠٠ شەوی رابردوو، لە ناوچەی گریانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی تەقەکردن لە دیوی ئێرانەوە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەکە کەوتەوە، بەهۆی هەبوونی رەشەبایەکی بەهێز، ئاگرەکە بە خێراییەکی زۆر تەشەنەی کرد و رووبەرێکی فراوانی گرتەوە".

لەبارەی زیانەکانەوە عەمید ئەنوەر عومەر وتی "ئاگرەکە زیانی بە ٥٠  بۆ ٦٠ دۆنم زەوی دارستان و داربەڕوو و قەزوان گەیاندووە، گەیشتنی تیمەکان بەهۆی سەختیی رێگاکە و بەرزیی شوێنەکە کاتی زۆری خایاندووە، کە ناوچەکە هەزار مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە"، هەروەها دڵنایی دەدرێت کە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

"تیمەکانمان لە کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانییەوە لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە گەیشتنە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شاخەکە زۆر سەخت بوو، پێویستمان بە هێزی زیاتر بوو، بۆیە لە کاتژمێر ١:٠٠ـی دوای نیوەڕۆ سێ تیمی دیکەی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە"، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجە وا دەڵێت.

بەپێی زانیارییەکان کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی ئەم ئێوارە توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.




PM:07:55:14/07/2026