لە شاری هەولێر هێزە ئەمنییەکان، سەرۆکی رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەهار عەلی یان دەستگیر کرد.
دادگای کەتنی هەولێر لە نوسراوێکی فەرمی کە ناردوویانە بۆ هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان داوایان لێدەکات بەهار عەلی، سەرۆکی رێکخراوی «ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی»دەستگیر بکەن و لە بەر رۆشنای ئەو نوسراوە ئەمرۆ چوار شەممە ناوبراو لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە راگیراوە.
بەرامبەر ئەم بڕیارەی دادگا ژمارەیەک لە پارێزەر و چالاکوانانی مەدەنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم دادگای هەولێر، رایانگەیاند" دەستگیرکردنی بەهار عەلی لەسەر بنەمای ماددەی ٣٧٢ لە یاسای سزادانی عێراقی بووە، ئەوەش بە تۆمەتی «سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕی موسڵمانان».
لەلایەکی ترەوە بەپێی هەندێک زانیاری فەرمانی دەستگیرکردن بە هەمان تۆمەت بۆ توێژەر یونس راویش دەرچووە، بەلآم هێشتا دەستگیر نەکراوە.
ماددەی ٣٧٢ لە یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بەو " تاوانانەی" پەیوەستن بە " سوکایەتیکردن " بە ئاینەکان و پیرۆزییە ئاینییەکان، یان هەر رەفتار و لێدوانێک کە ببێتە هۆی بریندارکردنی هەست و سۆزی ئاینیی.