سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، مستەفا هیجری لە چاوپێکەوتنێکدا دواین زانیارییەکان سەبارەت بە کارکردنی حیزبەکەی ئاشکرا دەکات و هەڵوێستی خۆشیان لە بەرامبەر رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێـی کوردستان و عێراق و تورکیا دەڵێت "کاتێک ئەوان ڕێککەوتوون کە ئێمە هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە نەنێرینەوە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات و لە کاتێکدا ئێمە لەسەر خاکی خۆمان نین و بەشی ئاشکرای حیزبەکانمان لە وڵاتێکی دیکەین، سروشتییە گوشاری دەرەکی کاریگەریی لەسەرمان دەبێت".
چوار شەممە، ١٥ تەمووز ٢٠٢٦، مستەفا هیجری سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی فیدڕالیزم بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا رایگەیاند "ئێمە پێمان وایە باشترین جۆری فیدراڵیزم، فێدرالیزمی جوگرافیایی و نەتەوەیی بێت؛ هۆکارەکەی ئەوەیە پێکهاتەی ئیداری و جوگرافیی ئێستای ئێرانی و لەسۆنگەی پڕۆژە ئەمنیەتییەکان پێکهاتەی پارێزگا و ناوچە نەتەوەییەکان تێکەڵ بە یەکتری کراون".
"ئێمە دەمانەوێ هەموو نەتەوەکان بە شوناسی خۆیان لە حکومەت و دەسەڵاتدا بەشدار بن و هەمووان پشکیان لە دەسەڵات و بەڕێوەبەریی وڵاتدا هەبێت. بۆ ناوچە جێناکۆکەکانیش مادام باوەڕمان بە دێموکراسی هەیە، سروشتییە دەنگی یەکلاکەرەوە زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە دەیدەن، واتە لەو شارانەی دوو نەتەوەی کورد و تورک هەیە، ئەوە ئەنجومەنی شار یان ئەنجومەنی دێیە کە ئەو شوێنانە بەڕێوە دەبات و بە دەنگی ئازادی خەڵک دەسەڵاتەکان یەکلا دەبنەوە و دابەش دەکرێن"، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات وا دەڵێت.
لە بارەی پرۆسەی "راسان" کە ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا راگەیاندراو و دواتر هەر حیزبی دیموکرات خۆی رایگرت مستەفا هیجری وتویەتی "پڕۆژەی ڕاسان سەرەڕای تێچووی گیانی بۆ حیزب دەستکەوتی زۆریشی هەبوو، چونکی لە بارودۆخێکدا کە نائۆمێدی ڕووی لە خەڵک کردبوو، هیوایەکی دیکەی بە بەری خەڵک و کۆمەڵگەدا کردەوە و پێشانی دایەوە حیزبی دێموکرات هێز و توانا و خەبات و خۆڕاگرییەکەی هەر لە جێی خۆیدایە و هێزی پێشمەرگە ئێستاش دەتوانێ زەربەی قورس لە ڕێژێم بوەشێنێ".
سەبارەت بە فشارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانو عێراق لەسەریان سکرتێری حیزبی دیموکرات ئاماژەی بەوەکرد کە "بە هۆی گوشارە دەرەکییەکان لەلایەن بەغدا و هەرێمی کوردستان کە ئەوانیش گوشاری کۆماری ئیسلامییان لەسەر بوو، ئەم جموجۆڵە بەرەبەرە کەم بوونەوە؛ دیارە بۆ خۆشمان وەکوو حیزبی دێموکرات بەرنامەمان ئەوە نەبوو هەر درێژە پێ بدەین".