عەلی زەیدی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان هاتەدەنگ و لە پەیامێکدا کە لە واشنتنەوە بڵاویکردەوە، بە توندی سەرکۆنەی بەزاندنی ئاسمانی شاری هەولێری کرد و ڕایگەیاند کە چاوپۆشی لەم هەوڵە تاوانکاریانە ناکەن.

لە پەیامەکەیدا، عەلی زەیدی ڕایگەیاند" لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی دەستووریمان، بە توندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئاسمانی شاری هەولێری لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەزاند."

جەختیشی کردەوە کە ڕێگە نادەن هیچ لایەنێک بەم کارە شکستخواردووانە سەقامگیریی وڵات و ڕێڕەوی بونیادنانی دەوڵەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکبدات.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرجەم دەزگا و پێکهاتە ئەمنییە فیدراڵییەکانی ڕاسپاردووە تاوەکو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئەو لایەنانەی دەیانەوێت زیان بە ئاسایشی گەلی عێراق بگەیەنن.



AM:10:05:16/07/2026