بنەماڵەی "سەید محەمەد خاڵۆبازیانی" لە ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەدا بۆ ڕای گشتی، بێبەریبوونی تەواوی خۆیان لەو تۆمەتبارە ڕاگەیاند کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کاتی دزینی گەنمدا هاووڵاتییەکی بە ناوی "ستار جەبار" لە سنووری کەرکووک کوشت، و ئاشکرایان کرد کە خۆیان بکوژەکەیان پێش کلتوور و لێکۆڵینەوەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیس کردووە.
بەپێی سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی لەیلان، لە گوندی "عوسمان لەک"ی سەر بە ناحیەی لەیلان لە سنووری کەرکووک، دوو تۆمەتبار بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب "دێر" چەند فەردە گەنمێکی هاووڵاتییەک دەدزن.
دوای ئەوەی خاوەن ماڵەکە بە ناوی (ستار جەبار) پێیان دەزانێت و تەقەیان بەسەردا دەکات، دزەکان بە خێرایی هەڵدێن، بەڵام لە سنووری گوندی "خدربڵاخ" ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێت.
کاتێک ستار جەبار و شوانەکەی دەگەنە سەر شوێنی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە، یەکێک لە دزەکان تەقەیان لێدەکات و بەو هۆیەوە ستار جەباری خاوەن ماڵ دەکوژرێت و شوانەکەشی بە توندی بریندار دەبێت. پاشان تۆمەتبارەکان بە ئۆتۆمبێلی قوربانییەکە هەڵدێن و ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوەکەی خۆیان جێدەهێڵن.