وەزارەتی کارەبای هەرێم: بڕی ٢ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەمی کرد

وەزارەتی کارەبا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "بەهۆکاری گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی ٢٥٠٠ مێگاوات کەمی کرد."

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا دەکەینەوە کە ئەم حاڵەتە کاتییەو هەموو لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر هێڵن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی تەموز کۆمپانیای دانا گاز لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "لەبەر بوونی هەڕەشەی باوەڕپێکراو لەسەر ئاسایش و توندبوونەوەی دۆخی ناوچەکە، هەموو دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کۆرۆمۆر بەشێوەیەکی کاتی داخران".

کۆمپانیای دانا گاز بەرهەمهێنەری سەرەکیی گازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، راگرتنی کارەکانی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوامە بە هاوکاری دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی. هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراق {چاودێری دۆخەکە دەکرێ}".

راگەیەنراوەکە دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو بە هەشت درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر. دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و زیانی گیانی نەبووە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. یەدەگی سەلمێندراوی تائێستا بە ١٦ ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.




PM:03:44:16/07/2026