مقاوەمەی عێراقی ١٠ ملیۆن دۆلار خەڵات بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ دیاری دەکات

گرووپەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بڕیاریاندا بە تەرخانکردنی بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار وەک خەڵات بۆ هەر کەس یان لایەنێک کە بتوانێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکوژێت، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لەبەرامبەر کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەندام و لایەنگرانیان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ئەم بڕە پارەیان کۆکردووەتەوە و تەرخانیان کردووە بۆ هەر کەسێک کە بتوانێت ترەمپ بکاتە ئامانج.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ وەک تۆڵەیەک دێت لە دژی ئەو بڕیارەی ترەمپ کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا فەرمانی هێرشە ئاسمانییەکەی فڕۆکەخانەی بەغدادی دەرکرد، کە تێیدا فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران.



AM:09:46:17/07/2026