کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی رژێمی ئێران بۆ سەر بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرکۆنە دەکات.
هەینی، ١٧ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستاندا هاتووە "بەرەبەیانی ١٧ی تەمووز، لە ئەنجامی پەلاماری ئیران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ٩ پێشمەرگە شەهید بوون وژمارەیەکی دیکە بریندار بوون، ماڵ و سامان و ژیانی مەدەنیی خەڵکی ناوچەکەش زیانیان پێگەیشت، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم پەلامارە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکات و بەو بۆنەیەوە پرسە و هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەی شەهیدانی هاوڕێیانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەردەبڕین، هیوای چاکبوونەوەی زوو بۆ هەموو بریندارەکان دەخوازین".
کەنەکە جەخت دەکاتەوە کە "ئەم هێرشە دووبارە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا لە سیاسەتی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی دژ بە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە. ئەم کردارە دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، یاسای نێودەوڵەتی و ڕێساکانی پاراستنی ژیانی مەدەنییانەیە و هەرگیز ناتوانێت چارەسەری کێشە سیاسییەکان بێت".
"ئەم بۆردومانە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندبوو کە بەشداری هیچ جۆرە ململانێیەکی سەربازی نابن. بەڵام لەگەڵ ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەشدا بەردەوام کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی سوپای پاسداران"، کەنەکە وا دەڵێت.
کەنەکە داوایەک ئاراستە سەرجەم لایەنەکان دەکات و دەڵێت "هەموو هێز و لایەنە کوردستانییەکان بانگ دەکات کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە یەکڕیزی، تەبایی و هەڵوێستێکی هاوبەشی نەتەوەیی، لەبەرامبەر سیاسەتەکانی شەڕفرۆشی، توندوتیژی و پیلانەکانی دوژمنان و داگیرکەران بوەستنەوە و نەھێڵن ئەم جۆرە هێرشانە ببنە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزی و دابەشبوون لە ناو ڕیزەکانی گەلی کوردستاندا".
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "جارێکی دیکە پرسە و هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەکانی شەهیدان دەردەبڕین، سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاکیان دادەنەوێنین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. شەهید نامرن سەرکەوتووبێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.