ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی مامۆستایەک لە زانکۆ لوردستان بۆسەر کارەکەی لە کاتێکدا "گێچەڵی سێکسی بە خوێندکارە کچەکانی" کردوە.
هەینی، ١٧ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بە قوڵی نیگەرانین بەرامبەر بە بڕیاری لیژنەی پێداچوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران، بڕیاری حوکمی گەڕانەوەی جەمال محەمەدی، مامۆستای بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستانی بۆ سەركار".
لە راگەیاندراوەکەی چالاکوانە ژنەکاندا ئاماژە بەوەکراوە کە "گێچەڵی سێکسی لە زانکۆدا تەنیا دیاردەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو بەرهەمی نایەکسانیی پێکهاتەیی و خراپ بەکارهێنانی «پێگەی دەسەڵات»ی مامۆستایان بەرانبەر بە خوێندکارانە، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە شکاندنی بێدەنگیی خوێندکاران لەم دۆسیەیەدا، بەشێکە لە خەباتی بەرفراوانی یەکسانیخوازانە لە کوردستان".
جەمال محەمەدی پێشتر لەسەر سکاڵای بەکۆمەڵی خوێندکارانی کچ لەسەر "گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی" لە زانکۆ دەرکرابوو، بەڵام بڕیارەکە لە قۆناغی پێداچوونەوەدا هەڵوەشێندراوەتەوە.
داواکارییە سەرەکییەکانی راگەیاندراوەکە بریتین لە:
١- پێداچوونەوەی بەپەلە بە بڕیاری گەڕانەوەی ناوبراو بۆ زانکۆ و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفاف.
٢- دابینکردنی ئاسایشی دەروونی و یاسایی بۆ ئەو خوێندکارانەی سکاڵایان تۆمار کردووە.
٣- دامەزراندنی میکانیزمی سەربەخۆ بۆ سکاڵاکانی گێچەڵی سێکسی بەبێ ترسی تۆڵەسەندنەوە.
٤- دانانی یاسایەکی توند بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە پیشەیییەکان لەناو ژینگەی زانکۆدا.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا ژنانی چالاکوان پشتیوانی خۆیان لە رێگای راگەیاندروەکەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆی کوردستان(سنە) دووپات دەکەنەوە.