دوای هێرشەکانی دوێنێ شەو بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێـمانی (جەلال تاڵەبانی) چەند کۆمپانیایەک گەشتەکانیان هەڵوەشاندەوە لە کاتێکدا ئاسمان دانەخراوە.
شەممە، ١٨ تەمووز ٢٠٢٦، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار بە میدیاکانی راگەیاند "گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر ئاسایین و هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەکان نەکراوە، دوێنی شەو بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر هیچ گەشتێک لە خشتەکاندا نەبووە، بۆیە لەو ماوەیەدا جووڵەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانە نەبووە".
بە پێی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتی ترابزۆن لە تورکیا، کۆپنهاگن لە دانیمارک، شتوتگارت و دۆسڵدۆرف لە ئەڵمانیایان هەیە، بەشێک لە گەشتەکان کراون و ئەوانی دیکەش لە کاتی خۆیاندا دەکرێن.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی (جەلال تاڵەبانی) ، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی دوو گەشتی عەممان و ئیستەنبوڵ لەلایەن هێڵە فڕۆکەوانییەکانی ئەو دوو وڵاتەوە، گەشتەکانی دیکەی فڕۆکەخانەکە بەردەوامن و کاژێر ٨:٤٠ بەیانی ئەمڕۆ گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی عێراق بەڕێکەوتووە بۆ ئیستەنبوڵ.
بەپێی خشتەی گەشتکردنی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، کۆمپانیاکانی؛ پێگاسۆس، تورکیش ئێرلاین، ئەنادۆل جێت و رۆیال جۆردەنیان، گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.
فڕۆکەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەم گەشتانەی تێدا ئەنجامدراوە لە دوێنێ شەوەوە کاتژمێر ٢:٢٠ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە لەندەنەوە گەیشتووەتە فڕۆکەخانە، هەروەها کاتژمێر ٥:٥٢ فڕۆکەیەک لە ئەڵمانیا و فڕۆکەیەکیش لە کاتژمێر ٦:١٢ لە قاهیرەوە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەکە.