بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێک ئاراستەی سەر "دەزگا میدیایەکانی بیسترا و بینراو" دەکات و دەڵێت "ئەم دۆخە ئەمنییە هەستیارە پێویستی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە".
شەممە، ١٨ تەمووز ٢٠٢٦، لە گشتاندنەکەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پشێوییەک، گشت کەناڵەکانی میدیای بینراو و بیستراو ئاگادار دەکەینەوە کە پێویستە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان و ڕووداوە ئەمنییەکاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بن".
وەزارەتەکە چەند خاڵێکی راگەیاندراوە کە "جەختی لێ دەکەینەوە":
١- پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی: پابەندبوون بە ڕێکارە پیشەییەکان بۆ ئەوەی ڕووماڵی ڕووداوەکان نەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری، و بەدووربوون لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەکی ناڕاست کە ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییان.
٢- پابەندبوون بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکان.
٣- پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و باری ئابووری: خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە ڕووماڵانەی کە دەبنە هۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری، دروستکردنی پشێوی لە بازاڕەکان، یان گرانبوونی نرخەکان؛ چونکە میدیا بەرپرسە لە نەبوونی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەبێت.
٤- لێپرسینەوەی یاسایی: هەر سەرپێچییەک لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە "رێنمایی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠١٤"دا هاتووە، کەناڵەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە و ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەشدا وەزارەتی رۆشنبیری وتویەتی "دڵنیایین هەموو لایەک لە ئاست ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدا دەبن بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکەمان".