سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، عەلی حەمە ساڵح، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە بە ناونیشانی "لە پێنجوێنەوە نامەیەک بۆ بافڵ تاڵەبانی قوباد تاڵەبانی".
شەممە، ١٨ تەمووز ٢٠٢٦، عەلی حەمەساڵح نووسیویەتی "بەکردەی دیتم، خاڵی گومرگی باشماخ نەماوە، تەواو. ئەو باشماخەی زەمەنێک داهاتی مانگانەی زیاتر لە (٣٠) ملیار بوو ئێستا مرد. بەفەرمی خەتی قاچاخ(تەنسیق) کرایەوە، بەفەرمی بەخەڵک دەڵێن: گومرگ مەکە، بە (تەنسیق) زۆر هەرزانترە".
سەبارەت بەو کاڵایانەی "قاچاخی پێوەدەکرێت" عەلی حەمەساڵح رایگەیاند "لە عەلاگەو شوشەوات و پاسکیل و شیر و گۆشت و مریشک و دوگ و نەمام و جگەر و جگەرەو هەموو شت، ڕۆشتنی برنج و شەکرو زەیت و هتد..".
عەلی حەمە ساڵح ئاشکرای دەکات کە "سێ ئۆتۆمبیل لە خەتی گومرگ وەستاوە، زیاتر لە (١٠٠) لە خەتی تەنسیق، تەواو تەواو. ئێستا ئاسایش و هێزە ئەمنیەکان هەموو بەفەرمی بونەتە پاسەوانی ئەم تەنسیقەو نەمانی داهات".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی رەوتی هەڵوێست وتویەتی "حیزب و حکومەت ئێوەن! مەعقولە ملیارە دیناری مانگانە لە داهاتی گشتی سلێمانی ببەن! حیزب وبەرپرسی پارەیان دەوێت".
دەروازەی باشماخ، یەکێکە لە ٤ دەروازە نێودەوڵەتیەکەی هەرێمی کوردستان، دەکەوێتە کە شارۆچکەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی و شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.