وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە پرۆسەی ڕەوانەکردنی غازی شل (LPG) لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەردەوامە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی کاتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ماڵان تا کاتی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ناردنی غازەکە بەپێی بڕی پێویستی ناوخۆییە و ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کورتهێنانە کاتییەی لە کەرتی غازدا دروستبووە. ڕوونیشکراوەتەوە کە ئەم ڕێکارە تا کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەردەوام دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندبوو کە ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ وەرگیراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە قەیرانێکی غاز و کارەبا لە ناوچەکەدا.