بافڵ تاڵەبانی لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی ئێران: شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین

 سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی توندی ئەو هێرشە مووشەکییە بالیستییەی کرد کە لە ئێرانەوە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرا، و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ شاری هەولێر دووپاتکردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند'' لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆ سەر هەموومان."

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاسایش و سەروەریی نیشتمان ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی گەورە و قبوڵنەکراو بووەتەوە.

بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە سەلامەتیی گەل هێڵێکی سوورە و ئەم کردەوە شەڕانگێزییە پێشێلکارییەکی توندی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوان بەدوای پەرەسەندنی گرژییەکاندا ناگەڕێن، بەڵام نابێت دانبەخۆداگرتنیان بە کەمبوونی ورە یان بێتوانایی لێکبدرێتەوە، و بە شێوەیەکی چالاک لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە پێناو وەڵامێکی دیپلۆماسی و بەرگرییەکی بەهێز لە هەماهەنگیدان.



PM:09:19:18/07/2026