فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە میانی ڕووداوەکانی ١٧ی تەممووزدا، دوو سەربازی ئەمریکی لە وڵاتی ئوردن کوژراون و سەربازێکی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی سێنتکۆم، کوژرانی ئەو سەربازانە لە کاتێکدا بووە کە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکانیان سەرقاڵی وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بوون لە ناوچەکەدا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، چوار سەربازی دیکەیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، و ئەو سەربازانەشی کە بەهۆی برینی سووکەوە پشکنینیان بۆ کرابوو، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانی خۆیان.
ڕاشیگەیاندووە کە لەبەر ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و هەستی خێزانی سەربازە کوژراوەکان، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر ناسنامەیان بڵاوناکاتەوە، تاوەکو ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی فەرمیی خێزانەکانیاندا تێنەپەڕێت.