لەسەر سوتانی سێ بارهەڵگرەكەی کەلار دو کەس دەستگیرکران

پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی دو کەسی لەسەر ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەی سێ بارهەڵگر لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی گەرمیان، درەنگانی شەوی ڕابردو، لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار، سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە هۆی ئاگرەوە سوتان. هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد؛ بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ڕوداوەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مرۆیی لێ نەکەوتوەتەوە.

لەمبارەیەوە عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیاندا دو کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بەو ڕوداوە دەستگیر کراون. لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر لەژێر لێکۆڵینەوەدان و پۆلیس بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە و ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر.

بەرەبەرەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک بارهەڵگر لە پشت بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری گەرمیان لەگەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار ئاگریان گرت و بەوهۆیەوە سێ بارهەڵگریان سوتان. بەرگری شارستانی گەرمیان باسی لەوەكردبو كە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێكی گیانی نەبوە و توانیویانە دو بارهەڵگری دیکە رزگار بكەن لە سوتان.




AM:10:05:19/07/2026