"ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەمووز دەنێردرێت بۆ بەغداد"


سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند کە "ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەمووز رەوانەی بەغدا دەکرێت".

یەک شەممە، ١٩ تەمووز ٢٠٢٦، ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی دارایی بە میدیای نزیک لە پارتی وتوە کە "ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرازووی پێداچوونەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت، لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی بتوانین رێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە بە خێرایی تەواو بکەن و مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت".

لە بارەی کاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی دەڵێت " هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی تەواو چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست زیاتر دوا نەکەوێت و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر داهاتی ناوخۆن دابەش بکرێت".

زیاتر لە ٤٢ هەزار مامۆستای گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن و مانگانە پێویستیان بە نزیکەی ٢٥ ملیار دینار هەیە.
 




PM:02:41:19/07/2026