لە سلێمانی و هەڵەبجە بە شێوازی نوێ غازی ماڵآن دابەشدەکرێت

سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی و قایمقامی قەزای هەڵەبجە شێواز و ڕێکارە نوێیەکانی دابەشکردنی غازی ماڵانیان لە سنوورەکەیان ئاشکرا کرد بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەیران و دابینکردنی دادپەروەری لە پرۆسەی دابەشکردنەکەدا

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند'' لە ئەمڕۆوە پرۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان بەپێی کۆپۆنی خۆراک دەستپێدەکات و هەر ئۆتۆمبێلێکی دابەشکردن بچێتە گەڕەکەکان غاز بەسەر ماڵاندا بەبێ جیاوازی دابەش دەکات بە مەرجێک مۆر لە کۆپۆنی خۆراکەکە بدرێت.'' ئاماژەی بەوەش کرد کە نرخی هەر بوتڵێک بە ٨٥٠٠ دینار وەک خۆی ماوەتەوە و لەم قۆناغەدا هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵی پێدەدرێت.

سەبارەت بەو خێزانانەی کە کۆپۆنی خۆراکیان نییە سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕوونی کردەوە کە دەتوانن سەردانی قایمقامیەت بکەن بۆ وەرگرتنی پشتگیری و ئەو خێزانانەشی تازە هاوسەرگیرییان کردووە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک بکەن بۆ دروستکردنی پسووڵەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە، سمکۆ سالار قایمقامی قەزای هەڵەبجە ڕایگەیاند'' بۆ ڕێگری لە قۆرخکاری شێوازی دابەشکردنی غازیان گۆڕیوە و پرۆسەکە لە کۆپۆنی خۆراکەوە کراوەتە پسووڵەی نەوت و بەپێی ئەم سیستەمە نوێیە هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵ غازی پێدەدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین خێزان سوودمەند بن.''

جەختیشی کردەوە کە نرخی فەرمی لە هەڵەبجەش ٨٥٠٠ دینارە و چاودێرییەکی وردی بازاڕ دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان.

ئەم ڕێکارە نوێیانەی سلێمانی و هەڵەبجە دوای ئەوە دێن کە لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٦دا کۆمپانیای دانە غاز ڕایگەیاند بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ ڕاگرتووە.



PM:10:51:19/07/2026