هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد دەست لە کار دەکێشێتەوە


هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر، دۆغان هاتون پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و  دەڵێت "بە فەرمی دەستم لە کار کێشایەوەتە".

دوو شەممە، ٢٠ تەمووز ٢٠٢٦، دۆغان هاتون، هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر لەسەر پشکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)،  رایگەیاند "ئەمڕۆ وەک هاوسەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر کشانەوەی خۆم بۆ رای گشتی و گەلە نیشتمانپەروەرەکەمان رادەگەینم".

لە بارەی هۆکاری دەست لە کارکێشانەکەیەوە دۆغان هاتتون وتی "لە ماوەی رابردوودا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، سێ جار نەشتەرگەریم (قەستەرە و بالۆن) بۆ کراوە، ئەمەش وایکردووە لە رووی جەستەییەوە نەتوانم وەک پێویست بەشداری لە کارەکاندا بکەم و وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی گەل بم".

دۆغان هاتوون ئاماژەی بەوەشکردوە کە "بڕیارەکەم لە چوارچێوەی پره‌نسیپی کشانەوە دێت کە لە کۆنفرانسی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکانی پارتەکەیدا جەختی لێکراوەتەوە، هەست دەکەم لە ئاستی پێویستدا نەبووم بۆ خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ئەو رۆڵ و ئەرکەی لەسەر شانم بووە".

دۆغان هاتون لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣١ ئاداری ٢٠٢٤، توانیبووی ٪٦٥ـی دەنگەکانی بەدەست بهێنێت، ببێتە هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی ئامەد.

لە بەرامبەردا، دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، داواکارییەکەی دۆغان هاتون بۆ کشانەوە لە پۆستەکەی، لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی پارتەکەوە تاوتوێ کراوە و رەزامەندی لەسەر دراوە.
 




PM:02:43:20/07/2026