سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان، نازم عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی زیندوو ئاشکرا دەکات، بە پێی زانیارییەکان ئێستا نرخی یەک کیلۆگرام مریشک لە هەرێمی کوردستان بە ٤ هەزار تا ٤ هەزار و ١٠٠ دینار دەفرۆشرێت.
دوو شەممە، ٢٠ تەمووز ٢٠٢٦، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان، نازم عەبدوڵڵا رایگەیاند "کیلۆیەک مریشکی گەورە لە پەلەوەرخانە بە کۆ بۆ ٣ هەزار و ٧٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، نزیکەی ٪٤٠ی خاوەن کێڵگەکان بەهۆی نەخۆشییەوە جوجکیان نەخستە هۆڵەکانەوە؛ هۆڵ هەیە ٣ هەزار و ٥٠٠ جوجکی تێدا مرداربووە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەم و تێچووی زیاتری پێگەیاندنی مریشک".
لە بارەی ئەگەری دابەزی نرخی مریشک لە داهاتوودا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان رایگەیاند "پێویستە دانەبەزێ بۆ کەمتر لە ٣ هەزار دینار، چونکە نەخۆشی لە سەرەتاسەری عێراقدا بڵاوە کە ڤایرۆسەکانی IB، نیوکاسڵ و گومبۆرۆیە، خاوەن کێڵگە هەیە هێندە زیانی کردووە کیلۆیەک مریشک بداتە ١٥ هەزار دیناریش قەرەبووی زیانەکانی ناکاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە نرخ لە ٣ هەزار زیاتر دانەبەزێت".
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی مریشک جەنگی ئەمریکا و ئێرانە کە شوباتی ئەم ساڵ دەستی پێکرد، لە کاتی جەنگەکەدا تۆنێک ئالیک لە ٦١٠ هەزار دینارەوە گەیشتە ٨٢٥ هەزار دینار؛ هەروەها تۆنێک گازی شل گەیشتە ٣ ملیۆن دینار و ئەوەش زیانی لە خاوەن کێڵگەکان دا و بەهۆیەوە بەشێکیان دووبارە جوجکیان نەخستە هۆڵەکانیانەوە.