جەلالی عومەری ساماغا پڕۆژەیەک بە بڕی (١١٥،٣٥٠،٢٠٠) (سەد و پانزدە ملیۆن و سێ سەد و پەنجا هەزار و دوو سەد دینار) دەبەخشێتە نەخۆشخانەی هیوا و ساڵانە داهاتەکەی لە توفیردا بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی تەندروستی و دەرمانی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی هیوا بەکاردەهێنرێت و بۆ هەتاهەتایە بەردەوامیی دەبێت و ساڵانە بڕەکەی زیاتردەبێت.
لە ساڵی ٢٠١٠دا جەلالی عومەری ساماغا پارچەیەک زەوی خۆی لە شاری سلێمانی فروشت بە بڕی (٧٠،٠٥٦،٠٠٠) (حەفتا ملیۆن و پەنجا و شەش هەزار دینار) و پارەکەی خستە سەر ئەژمارێکی بانکی و خاوەندارێتییەکەی بەخشییە دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی پێشوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (خەڵاتی جەلالی عومەری ساماغا بۆ فەرمانبەری لێهاتوو و خانمی سەلار بۆ کارمەندانی دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی).
بەپێی وردەکارییەکانی پڕۆژەکە، ساڵانە ٩٠٪ زیادەی سەر سەرمایەی پڕۆژەکە، کە لە ئەژمارێکی بانکیدا دانراوە، وەک خەڵات دەدرا بەو کارمەندانەی دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی، هەروەها ١٠٪ی زیادەکەش دەچووەوە سەر سەرمایەی پڕۆژەکە، بۆ ئەوەی ساڵانە زیاد بکات و داهاتی زۆرتر بێت.
ماوەی چەند ساڵێک پڕۆژەکە بەردەوامی هەبوو و ساڵانە لە مەراسیمێکدا خەڵاتەکان بەسەر فەرمانبەرەکاندا دابەشدەکران، بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی پڕۆژەکە، کە لەلایەن دامەزرێنەر و بەخشەری پڕۆژەکەوە دانرابوون، بەڵام ماوەی پێنج ساڵە بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە، بەبێ پرسی بەخشەر و دامەزرێنەری پڕۆژەکە، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانیان ڕاگرتووە. ئەم ڕێگرییەی بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە بێ پاساوە و چاویان بە کاری باش و خزمەتی فەرمانبەرانی باش و لێهاتوو هەڵنایەت.
هەر بۆیە جەلالی عومەری ساماغا، بەخشەر و دامەزرێنەری پڕۆژەکە، بۆ ئەوەی مەرامی ئەو کەسانە هەڵبوەشێنێتەوە، کە چاویان بە کاری باش هەڵنایەت، دوای ڕاوێژی یاسایی بڕیاری دا سەرمایەی ئەو پڕۆژەیە، کە ئێستا لە ئەژمارێکی بانکیدایە لە بانکی ئاشتی، لە دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی پێشوو وەربگرێتەوە و بیبەخشێتە نەخۆشخانەی هیوا، لەژێر ناوی (پڕۆژەی بەخشینی جەلالی عومەری ساماغا بۆ نەخۆشخانەی هیوا) بۆ ئەوەی ساڵانە ٩٠٪ی زیادەی سەر سەرمایەی پڕۆژەکە بدرێت بە هەندێک دەرمان و پێداویستی بۆ نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی.
لە نووسراوێکدا، کە فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی بانکی ئاشتی کردووە، بە ژمارە (٩٥٢) لە ڕۆژی ٥ی ١٢ی ٢٠٢١دا، لیژنەیەکی سێ کەسی لە فەرمانگەکە پێکهێنراوە و ڕەزامەندی داوە لەسەر داوای بەخشەر و دامەزرێنەری پڕۆژەکە، بۆ ئەوەی خاوەندارێتی ئەو ئەژمارە بانکییە و سەرمایەکەی لە دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی پێشوو وەربگیرێتەوە و ببەخشرێت بە نەخۆشخانەی هیوا بۆ جێبەجێکردنی (پڕۆژەی بەخشینی جەلالی عومەری ساماغا بۆ نەخۆشخانەی هیوا).
بەپێی وردەکاریی پڕۆژە نوێیەکە، ئەو ئەژمارە بانکییە و سوودەکەشی کە ساڵانە دەچێتە سەری، هەتاهەتایە دەمێنێتەوە و ماوەکەی بەسەرناچێت و هیچ کەس و دەسەڵاتێک بۆی نییە دەستکاریی بکات یان بەشێکی ڕابکێشێت، بە بەخشەر و نەخۆشخانەی هیواشەوە، جگە لەو ٩٠٪ سوودەی ساڵانە دەدرێتە نەخۆشخانەی هیوا بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی تەندروستی و دەرمان، کە لیژنەیەک لە نەخۆشخانەی هیوا پێک دەهێنرێت لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوێکی دارایی و وردبینی نەخۆشخانەکە و مافی ئەوەیان دەبێت ئەو ٩٠٪ی سوودە لە ئەژمارە بانکییەکە ڕابکێشن، بۆ ئەوەی ئامانجی پڕۆژەکەی پێ جێبەجێ بکەن، کە کڕینی هەندێک پێداویستی تەندروستی و دەرمانە بۆ نەخۆشخانەکە، بەپێی ویست و داواکاریی نەخۆشخانەکە.
بەخشینی جەلالی عومەری ساماغا بۆ نەخۆشخانەی هیوا هیوادارە ئەو پڕۆژەیە ببێتە هەوێنێک بۆ چەندین پڕۆژەی تری هاوشێوە و کەسانی خێرخواز و سەرمایەدار بێنە ڕیزی هاوکار و پشتیوانانی نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەکانی تر. ئەم دەستپێشخەرییە لە سۆنگەی باوەڕبوونی دامەزرێنەر و بەخشەری پڕۆژەکەوەیە بە کاری چاکە و خێرخوازی.