ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" لە ڕاپۆرتێکی گشتگیردا
ئاماری پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەش مانگی
یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶دا
بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم ماوەیەدا هەزار و ٤٣١ حاڵەتی ڕاستەوخۆی
پێشێلکردنی مافی ژیان، ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردن تۆمار کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا
ناسنامەی ٢٣١ هاوڵاتیی کوژراوی کورد (لەوانە ۱۵ ژن و ۲۰ منداڵ) پشتڕاست کراوەتەوە کە
زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم شەهید کراون.
هەروەها لەم ماوەیەدا ٣٠ هاوڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و
٦٥٤ کەسی دیکەش دەسبەسەر کراون کە بەرەوڕووی ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دانپێدانانی
زۆرەملێ بوونەتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە میلیتاریزەکردنی شارەکان و بەکارهێنانی
زیاتر لە ٤٠ بنکەی گشتی و مەدەنی لەوانە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان وەک قەڵغانی مرۆیی
کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ئەنجامی شەڕ و هێرشەکانی
کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە هاویشتنی زیاتر لە ٨٣٠ موشەک و دڕۆن،
٢٠ کەس (لەوانە پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنی) شەهید بوون و کەمپەکانیش وێران کراون.
لە بەشی قوربانییانی مین و کۆڵبەرانیشدا، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای
کردووە کە لەم شەش مانگەدا ٢ هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە، هەروەها
٦ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بوونەتە قوربانی (٢ کوژراو و ٤ بریندار).
کوردپا جەخت دەکاتەوە کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، کۆی گشتیی ٢
هەزار و ٦١٣ کۆڵبەر و لە ١٤ ساڵی ڕابردووشدا ٤٨٣ هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین بوونەتە
قوربانی.