یەکێک لە بریندارەکانی کۆمەڵە گیانی لەدەستدا

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا گیان لەدەستدانی یەکێک لە بریندارەکانی موشەکبارانی ١٧ی تەموزی بارەگاکانیانی راگەیاند.



لە راگەیەنراوەکەی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا هاتووە: "خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە بەداخەوە ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٣٠ی پوشپەری ١٤٠٥ی هەتاوی، هاوڕێ ئەبووبەکر هوشەنگی یەکێک لە بریندارەکانی هێرشی ڕۆژی هەینی بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زرگوێز و دەوروبەری بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی ئازیزی بەختکرد"
.

هەروەها هاتووە: "کۆمەڵە وێڕای سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، سەرجەم خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی مەریوان، پێداگری لەوە دەکاتەوە کە ڕێگە و ڕێبازی هاوڕێ ئەبووبەکر ون نابێ و خوێنی گەشی هاوڕێیانی گیانبەختکردوومان هەوێنی درێژەدانی خەبات و شۆڕشمان دەبێت."

رۆژی ١٧ی تەموزی ٢٠٢٦، بارەگاکانی کۆمەڵە لە ناوچەی زڕگوێزەڵە بەچەندین موشەکی ئێران کرانە ئامانج کە بە هۆیەوە ٩ پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و سێ پێشمەرگەش بریندار بوون.




PM:05:06:21/07/2026