بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ڕاپەڕین، هۆشەنگ عەبدولڕەحمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری بڕینەوەی ٥ هەزار دار کە دەکاتە لە ٪٥٠ی دارستانەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دارەکان تووشی نەخۆشی کەڕوو بوو".
پێنج شەممە، ٢٣ تەمووز ٢٠٢٦، هۆشەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ڕاپەڕین رایگەیاند "نزیکەی ٥ هەزار دار کە دەکاتە ٪٥٠ ـی سەوزایی دارستانی کێوەڕەش لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، وشک بوون، حاڵەتێکی نائاسایی بوو لیژنەیەک بەشێوەیەکی پراکتیکی جۆری نەخۆشییەکەیان دەستنیشانکرد و پاش ڕاوێژکردن و وەرگرتنی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دارەکان دەبڕدرێنەوە".
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی وتوشیەتی "لەبەر ئەوەی هیچ بڕە بودجەیەک بۆ ئەم کارە تەرخان نەکراوە، هاونیشتمانییانی سنوورەکە خۆبەخشانە دێنە دارستانەکە و دەست دەکەن بە بڕینەوەی درەختەکان، کاتێک دارەکان دەبڕدرێنەوە، ئێمە مەرجی سەرەکیمان ئەوەیە کە نەسوتێنرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پاکوخاوێنی ژینگەی ڕاپەڕین بکرێت و داوامان کردووە کە لە دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ و جوانکاریدا بەکاربهێنرێن".
سەبارەت بە هەمان بابەت ساوێن ساڵح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەرینیش دەڵێت "بڕینەوەی درەختەکان کاریگەری لەسەر کەش و هەوای ناوچەکە و بەرزونزمی پلەکانی گەرما و خۆڵبارین دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر درەخت دەبڕدرێنەوە، بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی هەبێت، داوای درەختی جۆری بەڕوو، مازوو، قەزوان و زەیتونیان کردووە، تاوەکو لە شوێنی درەختە بڕاوەکان بیڕوێننەوە".
بەپێی زانیاری بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕین پلانی چاندنی ١٠ هەزار درەختی نوێ لە جێگای درەختە بڕدراوەکان جێبەجێ دەکرێت.
بڕینەوەی درەختە بەتەمەنەکانی دارستانی کێوەڕەش.