کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کوژانەوەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی و کارکردنی مۆلیدەکان و چۆنیەتیی کۆکردنەوەی نرخی ئەمپێری مانگانە بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە بەرواری ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٦ دوای کوژانەوەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی مۆلیدەکانی ناو شاری سلێمانی کەوتنە کار و لەگەڵ دەستپێکردنەوەیان کێشەی کەمی و گرانیی گاز دروست بوو کە بە سەختی و بە نرخی گران دەست دەکەوت و تا ئێستاش نرخی گاز بە بەرزی ماوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بۆ ١٢٥ کاتژمێر کارکردن بڕی ٨٠٠٠ دینار بۆ هر ئەمپێرێک دیاری کراوە و لە دوێنێ 23ی تەممووزەوە پسوولەی کۆکردنەوەی پارە گەیشتووەتە دەست خاوەن مۆلیدەکان.
هەروەها ڕوونکراوەتەوە کە بڕی کۆکردنەوەی پارەکە لە مۆلیدەیەکەوە بۆ مۆلیدەیەکی دیکە جیاوازە چونکە ئەو مۆلیدانەی قەرزی هاووڵاتییانیان لای مابوو لەلایەن قایمقامییەتی سلێمانییەوە بڕی قەرزەکەیان لە کۆی گشتیی پارەکە بۆ دابەزێنراوە و ئەوانەشی قەرزیان لای نەمابوو بڕی ٨٠٠٠ دینارەکە کۆ دەکەنەوە.