مه‌سرور بارزانی: قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕۆن و ئه‌م دۆخه‌ش تێده‌په‌ڕێت

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دڵنیایی ده‌ده‌نه‌ خه‌ڵكی كوردستان كه‌ قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ده‌ڕۆن ئه‌م دۆخه‌ش تێده‌په‌ڕێت و خه‌ڵكی كوردستان له‌م قه‌یرانه‌ قورستری تێپه‌ڕاندوه.

مه‌سرور بارزانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کۆتاییان نەهاتوە و ترس و دڵەراوکێی بۆ هەمو لایەک دروست کردوە، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانین".

هه‌روها وتیشی، "سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم و دەزانم هەرێمی کوردستان بوەتە بەشێکی ئەو قەیرانانەی ناوچەکەی گرتوەتەوە، من دڵنیام بەمزوانە ئەم قەیرانانەش کۆتاییان دێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "داخستنی گەروی هورمز قەیرانێکی ئابوری لە ناوچەکەدا دروستکردوە و ئامادەین هەمو هاوکارییەکی حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر".

په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا، مه‌سرور بارزانی وتی، "هەمو پابەندییەکانمان بەرانبەر بە حکومەتی فیدراڵی لەبارەی موچە جێبەجێ کردوە، بەڵام دۆخی ناوچەکە بوەتە هۆی کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا دەکەین بەغدا پێداچونەوە بە بڕیاری پێشوی رادەستکردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە بکات".

هاوكات داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بنێن.

سەبارەت به‌ پشكی كورد له‌ نه‌وت، مه‌سرور بارزانی وتی، "ئێمە داوامان لە بەغدا کردوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی دابین بکات، رۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین دەکرێت و داوا دەکەین ٧٠ هەزار بەرمیلەکەی دیکەش لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە وەک پشکی هەرێمی کوردستان، دابین بکرێت".

سەبارەت به‌ پشكی كورد و موچه‌ی موچه‌خۆران، سه‌رۆكی حكومه‌ت رونیكرده‌وه‌، "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاره‌زوی ده‌كه‌ین شتێكه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌توانین شتێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵام دڵنیایی ده‌ده‌مه‌ خه‌ڵكی كوردستان كه‌ مافه‌كانیان پارێزراوه‌ و ئه‌گه‌ر موچه‌كانیان دواش بكه‌وێت رێگه‌ ناده‌ن تیابچێت".




PM:01:15:27/07/2026